حکومەتی ھەرێم و توڕەیی ھاوڵاتییان

حکومەتی ھەرێم و توڕەیی ھاوڵاتییان
ئەگەر لەسەر ئاستیکی جیھانی سەیری جۆری حکومەتەکان بکەین،دەتوانین بڵین لە ھەندیك وڵاتدا شیوازی بەریوەبردنی حکومرانی تیایدا دەگەڕیتەوە بۆ سەدەکانی رابردوو ،بەتایبەتیش سەدەی نۆزدە،چونکە ئەو شیوازەی لەبەرێوەبردنی حوکمدا پیادەی کەن ھاوشیوەی حکومەتەکانی ئەو کاتەیەو بەرەو روبونەوەی گرفتەکانیش بەھەمان شیوەیە،واتە ئەو کاتە ھاوڵاتیان بە دەست چ گرفتیکەوە گیرۆدەی بوون، ئیستاش بەھەمان شیوەیە،بەڵام بە ستایلیکی ترو بەدەم و چاوێکی سیاسی نوێوە.
حکومەتی ھەرێمیش یەکێکە لەو جۆرە حکومەتانەی کە رەنگدانەوەی زەمەنی خۆی نیەو نازانێت لە چ سەردەمێکدا دەژی و ئالیەتی بەرێوەبردنی حوکم تیایدا زۆر کۆنە لەھەندیک روەوە شیوازی حوکمی دەرەبەگایەتی و لەھەندێکی تریدا تۆتالیتاری و لەھەندیکیدا ، ئولیگارشی و چەتەگەریە.
حکومەتی ھەریم بەتایبەتیش ئەم کابینەی ھەشتەمە یەکێکە لە خراپترین زنجیرە حکومەتەکانی کەلە دوای راپەرینەوە دروست بووە،چونکە لەئیستادا قەیرانەکان گەیشتونەتە چڵەوپۆپەو حکومەت لە جیاتی پلانی روبەرو بونەوەی قەیرانەکانی ھەبێت، خۆی رۆژ بەرۆژ قەیرانی زیاتر دروست دەکات و زیاترگوزەران و ژیانی ھاوڵاتیان خراپتر دەکات و لەجیاتی ئەوەش کە لەبەردەم ئەو ھەموو قەیرانەو گەندەڵی و ویرانیەدا ئیستقالە بکات و بریاری بەخۆداچوونەوە بدات،خۆی بە حکومەتیکی سەرکەوتوو لە قەڵەم دەدات و ھیچ بەرپرسیاریەتێک لە ئەستۆناگریت و لەبەرامبەر ئەو ھەموو قەیرانانەی کە لەبواری خزمەتگوزاری و بوارەکانی تردا ھەیە،بێ دەنگەو خاوەنی ھیچ نەخشە ڕێگایەک نیە بۆ چارەسەر.
راستە لە ئیستادا حکومەت خاوەنی دامەزراوەکانی وەک ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و دادگاکانە ،بەڵام ئەو دامەزراوانە لە دۆڵێکن و ھاوڵاتیانیش لە دۆڵێکی تر، حکومەت لە ھەر وڵاتیکدا کۆمەڵێک بەرپرسیاریتی  لە ئەستۆدایە ،کەدابین کردنی ژیانیکی سەرەتایی لە گرنگترین مافەکانی ھاوڵاتیەو دەبێت حکومەت ھەست بە بەرپرسیارێتی بکات، بەڵام حکومەتی ھەرێم لەجیاتی خزمەتکردنی خەڵک،خەڵک دەکاتە خزمەتکاری خۆی. باجێکی زۆر دەخاتە سەر کەل و پەل و گرانیەکی زۆری لە بازاردا دروست کردوەو نرخی سوتەمەنی گەیشتۆتە ئاستیک کە بە دیژایی سی ساڵی رابردوو نمونەی نەبوەو خزمەتگوزاریەکانی ئاو و کارەبا لەخراپترین دۆخدایەو کەرتەکانی پەروەردەو تەندروستی و کشتوکاڵ روژ بە روژ زیاتر وێران دەبن و حکومەت خاوەنی پلانێک نیە بۆ چارەسەر ،ئەمە لە کاتیکدایە کە حکومەتی ھەریم روژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات کە لەئیستادا بەرزترین نرخی ھەیە و لەسەرو ١٠٠ دۆلارەوەیە، سەرەرای بوونی داھاتیکی باشی ناوخۆ. زیادبوونی سامانی گازی سروشتیش سەرچاوەی داھاتیکی تری گەورەیە بۆ سەر داھاتەکانی تر.
ھەموو ئەمەی کە ئیمە باسی دەکەین ھاوڵاتی بە چاوی خۆی دەیبینیت و دەزانیت دەچیتە گیرفانی کێ و ئەو بەرپرسەحکومیانەش دەبینیت کە بوونە دەڵاڵی بەرپرسانی دوو بنەماڵە حکومرانەکەو ھەموو داھاتەکانی دەگەڕێتەوە بۆ گیرفانی ئەوان.
لە ئیستادا ھاوڵاتیانی ھەرێم بەرامبەر ئەم ھەڵسو کەوتانەی حکومەت زۆر نارازین وھەموان لە چاوەڕێی ھەلێکدان کە روبەروی ئەم حکومەتە ببنەوەو لە ئاستیکدا بیوەستینن ،خۆ ئەگەر نەوەستاو ئامادەی تیا نەبوو دان بە ھەڵەکانیدا بنێت ،ئەوکاتە بڕیاردەدەن دۆخەکە بە ئاراستەیەکی تردا بەرن.