دیموکراسیتان باش...

دیموکراسیتان باش...
سه‌نگه‌ر عبدالله گوڵ: مامۆستای زانکۆ


کاتێک که‌ خوێندکاری ناوه‌ندی بووم، وانه‌یه‌کمان هه‌بوو به‌ناوی (فه‌لسه‌فه‌)، له‌و مه‌نهه‌جه‌دا که‌ له‌ژێر ویست و ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیه‌تی و پارتیدا دانرابوو، دیموکراسیه‌تی به‌وه‌ پێناسه‌ده‌کرد که‌ له‌دوو وشه‌ پێکهاتووه‌:
یه‌که‌م: (دێمۆس) واته‌ گه‌ل...
دووه‌م: (کراتۆس) واته‌ هێز...
دیموکراسیه‌‌ت واته‌ هێزی گه‌ل، یه‌کیه‌تی و پارتی زیاتریان له‌سه‌ر دیموکراسیه‌ت نه‌نوسی بوو چونکه‌ هه‌ر تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ ئیشیان پێی هه‌بوو.

پێیان نه‌وتین،که‌ دیموکراسیه‌ت کاتێک یه‌کسانه‌ به‌ هێزی گه‌ل له‌ سیسته‌مێکی سیاسیدا که‌ به‌هاکانی دیموکراسیه‌ت به‌وردی و ئیخڵاسه‌وه‌ ته‌رجومه‌ی واقع کرابێت.

نه‌یان وت، ئه‌و دیموکراسیه‌ته‌ی له‌ژێر ئوموره‌تی ئێمه‌دا‌ هه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ ڕووکه‌ش کردنی سیسته‌مێکی دیکتاتۆری له‌ژێر ناوی دیموکراسیه‌تدا، پێیان نه‌وتین، که‌ داموده‌زگای ساخته‌و بێ ڕۆڵ و بێ کاریگه‌ر دروست ده‌که‌ن‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌نگ و بۆن و تامی دیموکراسیه‌تیان له‌سه‌ر بێت.

گله‌یی بێت نه‌تان وت:
به‌هاکانی دیموکراسیه‌ت واته‌: ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پاک و شه‌فاف له‌کاتی خۆیدا، ده‌ستاو ده‌ست کردنی ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌ی ئاشتیانه‌، پێتان نه‌وتین، واته‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و داواکاری، ئازادی تاک و مێدیای ئازاد.... .

پێتان بوتینایه‌، که‌ له‌ دیموکراسیه‌ ڕوکه‌شه‌که‌تاندا، کاتێک هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌ده‌ن که‌ نه‌تیجه‌که‌ی سه‌رکه‌وتنی خۆتان بێت، ده‌ستاو ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی خێزانه‌کانی خۆتاندا، ڕێکخراوی مه‌ده‌نی دروست ده‌که‌ن به‌مه‌رجێک هه‌مان په‌یامی ده‌سه‌ڵاتی پێبێت به‌ڵام به‌زمانی خۆیان ده‌ریببڕن، ڕێگه‌ به‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین ده‌ده‌ن به‌مه‌رجێک ڕه‌فزی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه‌که‌ نه‌کات، مێدیای ئازاد دروست ده‌که‌ن به‌مه‌رجێک باس له‌ ناشرینی و فاوڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات نه‌کات... .
قسه‌تان بکردایه‌، کاتێک ده‌سه‌ڵاتتان ده‌که‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ هه‌موو داموو ده‌زگاکانی وڵات ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ حیزبی، پێتان بوتینایه‌، ته‌نها ئه‌وانه‌ به‌ هاونیشتیمانی ده‌زانین که‌به‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های دیکتاتۆری ئێمه‌ ڕازین.....

قسه‌تان بکردایه‌...