ئەلمۆنیتەر: شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی شەڕی پارە و دەسەڵاتە

ئەلمۆنیتەر: شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی شەڕی پارە و دەسەڵاتە
کوردنیوز
 ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی لە راپۆرتێکی شیکاریدا کە رۆژنامەوان ئەمبریان زەمان ئامادەیکردووە باس لە ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەلایەک و کارەکتەرە سەرەکیەکانی نێوا حزبەکە لە سەر پارە و دەسەڵات دەکات.


راپۆرتەکە بەمە دەستیپێکردووە: گرژییەکان زیاتر گەشەیانکرد کاتێک فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر و هەواڵگری لە ٧ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا. لەو بارەیەوە بیلال وەهاب ئەندام لەپەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیوایە، "گیانلەدەستدانی ئەو فەرماندەیەی دژەتیرۆر "هاوکار" کەوتنی یەکەم پولی دۆمینەکەیە و ئەوانیتر بەدوای خۆیدا دێنێت."


لە راپۆرتەکەدا هاتووە، رەنگە زیادەڕەوی لەم جۆرە ترسانەدا بکرێت، بەڵام گومان دەکرێت قەیرانەکە لە خراپترین ئاستی ساڵانی رابردوویدا بێت، کە ئەمەش رۆڵی کورد بەرامبەر حکومەتی نوێی محەمەد شیاع سودانی لاواز دەکات، کە دەخوازن لەسەر دۆسیەی نەوت بگەن بەڕێککەوتن و یاسایەکی نوێ سەبارەت بە دۆسییەی نەوت و گاز دابڕێژن و بەشەبودجەی هەرێم لە بودجەی عێراقدا دیاری بکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو بەغداد فشارەکانی سەرهەرێمی زیاتر کرد و هەڕەشەی دادگاییکردنی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی کرد لە هەرێمی کوردستان.


چارەسەرنەکردنی گرفتەکان

راپۆرتەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، شیکەرەوانی سیاسی لەو بڕاویەدان چارەسەرنەکردنی گرفتەکان و بەردەوامییان دەبێتە هۆی زاڵبوونی ئێران بەسەر هەرێمی کوردستاندا وەک ئەوەی تورکیا دەیکات بەکردنەوەی بنکەی سەربازی زیاترلە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەڕدایە. یەکێکی دیکە لە مەترسییە شاراوەکان ئەوەیە هەرێمی کوردستان لەنێوان دوو ناوچەدا دابەشبووە، ناوچەی زەردی دەوڵەمەند لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا کە تورکیا تێیدا باڵادەستە و ناوچەی سەوزی هەژار لەژێردەسەڵاتی یەکێتیدا کە ئێران تێیدا باڵادەستە؛ بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم خەونی سەربەخۆیی کوردستاندا.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەکۆتا چاوپێکەتنیدا ئاماژەی بەوەکردووە، شکستهێنانی هەردوو حزب لە چارەسەر کردنی جیاوازییەکاندا، پێویستی بەچارەسەری جیاواز هەیە. ئەمەش لەکاتێکدایە هەردوولا جەخت لەوەدەکەنەوە تەنها بەنێوەندگیری ئەمریکا دەتوانرێت کۆتایی بە ناکۆکی و جیاوازییەکان بهێنرێت، وەک ئەوەی لە ناوەڕاستی ساڵی نەوەدەکاندا ئەنجامدرا، بەڵام لەدوای هێرشەکانی روسیا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بۆسەر ئۆکرانیا ئەنە لە بەرنامەی لەپێشینەی کارەکانی ئەمریکا دابەزیووە، ئیلینا رۆمانسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند ماوەیەکە داوای لەلایەنەکان کردووە کە کەمێک هێمن بن.لەماوەی ٣٠ ساڵدا و لەوکاتەوە کوردەکان حکومەتێکی سەربەخۆیان لەژێر پارێزگاری ئەمریکادا دامەزراندووە، سەعید مستەفا کە خوێندکاری پەرستارییە لە سلێمانی دەڵێت:" بازگەکانی نێوانیان جیاوازەو وەک ئەوەیە لەوڵاتێک بچیتە وڵاتێکی دیکەوە کە ئەمەش ئەوپەڕی شەرمەزارییە و وەک ئەوەیە کوردستانێک بوونی نەبێت".

خراپی رێگاوبانی نێوان هەولێر سلێمانی و نەبوونی هێماکانی هاتووچۆ و خواروخێچیەکانی رێگاکە وەک ٣٠ ساڵی رابردووە و جیاوازە لە شەقامە درەوشاوەکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و شەڕی نێوان دوو حزبەکە شەڕی پارەو دەسەڵاتە.

هاوکات، یەکێتی لە مێژە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پشکی خۆی لێوەربگرێت.


شەڕی ئامۆزاکان

هاوکات، تەنگژەکان بەتەنها لەنێوان پارتی و یەکێتیدا نین بەڵکو لەنێوان خودی بنەماڵەکانیشدا هەن وەک ئەوەی لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی وردستان و برازای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و کوڕە گەورەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینرێت، ئەوەش بەئاشکرا دەرکەوت کاتێک لەساڵی ٢٠١٩دا مەسرور بارزانی شوێنی نێچیرڤان بارزانی گرتەوە و کرایە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوکاتە بەدواوە مەسرور بارزانی لە کاریگەرییەکانی نێچیرڤان بارزانی کەم کردووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری لە کەسایەتییەکانی حکومەتەکەی گۆڕیووە.

سنوردارکردنی دەسەڵات
چاودێرێکی سیاسی نزیک لە بارزانییەکان دەڵێت مەسرور سەرەتا بە متمانە و دواتر بە توانا کاردەکات و هەوڵدەدات تۆڕی پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانی بە کەسانی نزیک و تۆڕی پاڵپشتی لەخۆی بگۆڕێت.


باڵا دەستی مەسرور لەدوایین کۆنگرەی پارتیدا زیاتر دەرکەوت کاتێک لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری دووەمی سەرۆکی حزبەکە دەستنیشاکرا و چەند کەسێکی نزیک لەو وەک کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حزبەکە دەستنیشانکران، هەندێک لەوبڕوایەدان دەسەڵاتی تەواوی بە مەسرور بارزانی لەلایەن مەسعود بارزانییەوە نەدراوە ئەوەش لەپێناو دروست نەبوونی ململانێی زیاتر لەناوخۆی حزبەکەدا.

ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ گرتنەدەستی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق زیاتربوو، هەروەها بافڵ تاڵەبانی توانی رێگاکەی پاک بکاتەوە و خۆی وەک تاکە سەرۆکی یەکێتی ناساند و بەهاوکاری نێچیرڤان بارزانی توانی لاهور جەنگی ئامۆزای لەکودەتایەکدا بەبێ خوێنڕشتن لەحزبەکە دوور بخاتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە لاهور شێخ جەنگی کوژرانی هاوکارجاف بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی دەزانێت، دواتر بەفەرمانی مەسروربارزانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەوکەسانە دەرچوو کە بەتۆمەتی تێوەگلانیان لە کوشتنی هاوکارجافدا تێوەگلابوون و ئەمەش گرژیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی زیاترکرد.


کوردستانی عێراق بەدرێژایی دەیان ساڵە لەچاوی رؤژئاواییەکانەوە وەک عێراقی دووەم دەبینرێت، ئەمڕۆ کوردستانی عێراق لەژێر هێرشدایە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئێران ژمارەیەک هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و سنوورەکانی بەزاندووە و تەنانەت هێرشی موشەکی کردووەتەسەر پایتەختی هەرێمی کوردستان.
لەدوایین هێرشدا کوردە نەیارەکانی دژی ئێرانی لە کوردستانی عێراق کردووەتە ئامانج ئەوەش لەکاتێکدایە تاران ئەوان بە هۆکاری نائارامیی و نارەزایەتییاکانیان دەزانێت لە خاکی وڵاتەکەیدا بەتایبەتی لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە کچە کوردێکی ئێرانی بوو لە ژێر لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانی لە ١٦ی ئەیلولی ئەمساڵدا گیانی لەدەستدا.


بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بۆسەر هەرێم دەیان کەس کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن گیانیان لەدەستداوە ئەمەش وایکرد یەکێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان خزمەتگوزارییەکانی لەبواری گواستنەوە بۆهەولێر رابگرێت، لەئێستادا ئێران هەڕەشەی لەشکرکێشی زەمینی دەکات ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامبێت لە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی ئەو وڵاتە بۆ داماڵینی چەک لە لایەنە کوردەکانی دژ و نەیاری حکومەتی ئێران کە لە کوردستاندا هەن و بەرپرسانی کوردیش ئەوە بەکارێکی ئەستەم لەقەڵەمدەدەن.

بێستون سەعید یەکێک لە فرۆشیارانی بازاڕی سەرەکی سلێمانی وتی ئەوەی لە چاوپێکەوتنەکاندا لەسەر شەقامەکانی شارەکانی هەرێم دەبینرێت ئەوەیە خەڵکی هەرێم ناڕازین.



PM:12:05:10/12/2022