بەرزی نرخی نەوت داهاتی عێراقی زۆر باش کردووە

بەرزی نرخی نەوت داهاتی عێراقی زۆر باش کردووە
کوردنیوز
بانکی ناوەندی یەدەگی خۆی لە دراوی بیانی گەڕاندووەتەوە کە نرخەکەی ٧٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووەو عەلی عەلاویش دەڵێت، لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی ئابوری لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەمریکی ڕێکەوتنیان کردووە بۆ ئەوەی پاڵپشتی عێراق بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢، محەمەد مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی یەدەگی خۆی لە دراوی بیانی گەڕاندووەتەوە کە نرخەکەی ٧٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

وتیشی، ئەو نرخە سێ ھێندەی ئەو قەرزە دەرەکییانەیە کە دەبێت لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٢٢-٢٠٢٨ بدرێنەوە.

عێراق، کە دووەم گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتە لە نێو وڵاتانی رێکخراوی ئۆپێک، لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بەھۆی گۆڕانکاری لە نرخەکانی بازاری وزەی جیھانی و کەمبوونەوەی بەرھەمھێنانی نەوت لە دوای رێککەوتنەکانی (ئۆپێک +) و خراپبوونی خواستی جیھانی لەسەر نەوتی خام، گرفتی دارایی بۆ دروستبووە.

عێراق لە ٩٠٪ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەوەش لەکاتێکدایە، عەلی عەلاوی وەزیری دارای عێراق رایگەیاندبوو کە دۆخی دارایی عێراق زۆر باشە و پێویستی بە هاوکاری نییە.


عەلی عەلاویش ئەوەی وت، لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی ئابوری لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەمریکی ڕێکەوتنیان کردووە بۆ ئەوەی پاڵپشتی عێراق بکەن لە ئەنجامدانی چاکسازی و یارمەتیدانی عێراق بۆ سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگە داراییەکان.


PM:12:52:25/04/2022