دوا وادە بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق دیاری دەکرێت
كوردنیوز:
بەقسەی ئەندامێکی هاوپەیمانی فەتح، کلیلی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێڕاق پەیوەستە بە ڕێککەوتنی نێوان حیزبە کوردییەکانو لە دوای جەژنی قوربان دوا وادە بۆ پێکهێنانی حکومەت دیاری دەکەن.
غوزنەفر بەتیخ ئەندام لە هاوپەیمانی فەتح بە میدیا عێڕاقیەکانی ڕاگەیاند، گفتوگۆی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەردەوامی هەیە و لە دوای جەژنی قوربانیشەوە جموجۆڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ چردەبنەوە.
بەتیخ ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا جموجۆڵ و گفتۆگۆکان ئەرێنین و سەرجەم لایەن سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێت بە زووترین کات سەرۆک کۆمارێک بۆ عێڕاق و دواتر سەرۆک وەزیران دیاری بکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە کارکردنی حکومەتی کار بەڕێکەر بێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە دوای دەست لە کارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێڕاق، چوارچێوەی هەماهەنگی بوو بە گەورەترین کوتلەی پەرلەمان و ٤٠ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا لە ئەنجامی پڕکردنەوەی ٧٣ی کورسی پەرلەمانتارانی پێشوی سەدر.
PM:01:29:30/06/2022