حەلبووسی: دەبێت لەمساڵدا وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریبکرێت و بودجەی گشتی فیدراڵی پەسەندبکرێت

حەلبووسی: دەبێت لەمساڵدا وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریبکرێت و بودجەی گشتی فیدراڵی پەسەندبکرێت

کوردنیوز
محەمەد حەلبوسی داوا دەکات لە دانیشتنی ئەمجارەی "گفتوگۆی نیشتمانی" تاوتوێی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و سەرۆک کۆمار بکرێت و حکومەتێک کە رێککەوتنی لایەنەکانی لەسەر بێت، پێکبهێنرێت و لەمساڵیشدا ئەنجامبدرێت.


حەلبووسی دە خاڵی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دۆخی چارەسەری دۆخی چەقبەستووی سیاسی عێراق و دەیەوێت لە دانیشتنی "گفتوگۆی نیشتمانی" باسییان لێوەبکرێت لەوانە:-

 

یەکەم: دیارکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە درێژترین کاتدا کە لەم ساڵ تێپەڕ نەکات.

دووەم: هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

سێیەم: هەڵبژاردنی حکومەتێک کە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت و رێککەوتنی لایەنەکانی لەسەر بێت و حکومەتێک بێت کە لەلایەن خەڵک و لایەنە سیاسییەکانەوە متمانەی پێ بکرێت.

چوارەم: دووبارە لێکدانەوە بۆ ماددەی ٧٦ی دەستوور بکرێت و هەڵوەشاندنەوەی دەستکاریکردنی حوکمی ئەم ماددەیە، کە لە ژێر فشارە سیاسییەکان لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠ روویداوە.

پێنجەم: پەسەندکردنی بودجەی گشتی فیدراڵی.

شەشەم: مانەوەی یاخود دەستکاریکردنی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان.

حەوتەم: دانانی یاسای دادگای فیدراڵی باڵا بەگوێرەی ماددەی ٩٢ی دەستور.

هەشتەم: جارێکی دیکە بڵاوە بە هێزی ئەمنی و سەربازی بکرێتەوە و ئەمەش تەنها لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆدا بێت لە هەموو پارێزگاکان و هێزەکانی دیکە لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە کە بۆیان دیاریکراوە لە کەمپەکانی مەشق و بڵاوکردنەوە کە دیاری کراوە لەلایەن سەرکردایەتی سەربازی و ئەمنیەوە، لە هەمان کاتدا هەموو شتێکی پێویست بۆ ئامادەبوون بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو دابین بکرێت.

نۆیەم: گەڕانەوەی دەستبەجێی سەرجەم ئەو ئاوارە بێ تاوانانەی لە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆی.

دەیەم: پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکبخرێتەوە بەگوێرەی رێککەوتنێک لەبارەی یاسای نەوت و غاز و وردەکاری رێککەوتنەکەش بۆ گەل ئاشکرا بکرێت.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، میدیا عێراقییەکان لە زاری چاوگێکی ئاگادارەوە بڵاویان کردووەتەوە کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران بەنیازە رۆژی دووشەمە دیاریبکات بۆ خولێکی دیکەی دیالۆگی نیشتیمانی.



 

AM:11:09:04/09/2022