نەخشەی کەوتنە خوارەوەی مووشەکە ئاسمانییەکەی چین بڵاوكرایەوە

نەخشەی کەوتنە خوارەوەی مووشەکە ئاسمانییەکەی چین بڵاوكرایەوە
کوردنیوز

سەنتەری نێودەوڵەتی فەلەکناسی رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە (30ـی تەمووز) وادەی کەوتنە خوارەوەی مووشەکە ئاسمانییەکەی چینە، کە لە ماوەی رابردوودا لە کۆنترۆڵ دەرچوو.

سەنتەری فەلەکناسی نێودەوڵەتی نەخشەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بە نەخشەی پێشبینی کراوی تایبەت بەشوێنی کەوتنە خوارەوەی مووشەکە چینییەکە کرابوو، کە عێراق و وڵاتانی دراوسێی لەخۆدەگرت، بەڵام دواتر گۆڕانکاری بەسەردا هات و عێراق و وڵاتانی دراوسێی لە نەخشەکە دەرهاتن.

رۆژی 24ـی تەمووزی 2022، چین مووشەکی (Long March 5) لە مۆدێلی (CZ-5B) بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدا، کە یەکێک لە پارچە سەرەکییەکانی هەڵگرتبوو بەناوی (Wentian) بۆ ئەوەی لەگەڵ وێستگەی بۆشایی ئاسمانی چینی (Tiangong) جێگیر بکرێت.

سەنتەری فەلەکناسی نێودەوڵەتی باسی لەوەش کرد، هیچ لایەنێك لە جیهاندا ناتوانێت بزانێت مووشەکەکە لە کوێ دەکەوێتەوە خوارەوە، بەو پێیەی چەندین فاکتەر هەن، کە کاریگەری دەکەنە سەر پرۆسەی پێشبینیکردنەکە، بەڵام تا ساتەوەختی نووسینی ئەم راپۆرتە، پێشبینییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە وادەی کەوتنی ئەم راپۆرتە 30ـی تەمووزە، کە دەکاتە ئەمڕۆ شەممە.

PM:01:02:30/07/2022