ئەمڕۆ (یەکشەممە، ٢ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٢) عامر جابری وتەبێژى دەستەی کەشناسی عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقییەى راگەیاند "لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باکور و ناوەڕاستی عێراق ئاسمان لەنێوان هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت و ئەگەری بارانبارین هەیە".
وتیشى "بەڵام لە باشووری رۆژهەڵاتی عێراق باران بە رێژەیەکی زۆر دەبارێت و بایەکی لەگەڵدا دەبێت".عامر جابری ئەوەشی خستەڕوو، کە مەترسی دروستبوونی لافاو نییە، تەنها پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە.
هاوکات حسێن ئەسەدی شارەزای کەشناسی عێراق ئاماژەى بەوە کرد "رێژەی شێ بەرزدەبێتەوە و لە سبەی دووشەممەوە بارانبارین لە هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق دەستپێدەکاتەوە، لەگەڵ بایەکی کەم".