وادەى گەیشتنى ٢٠٠ ملیارەکەى بەغدا راگەیەندرا

وادەى گەیشتنى ٢٠٠ ملیارەکەى بەغدا راگەیەندرا

کورد نیوز:

نوێنەرى حکومەتى هەرێم لەبەغدا رایگەیاند "بڕیارە ئەم هەفتەیە ٢٠٠ ملیارەکەى بەغدا بگاتە هەرێمى کوردستان".

فارس عیسا، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا ئاماژەى بەوە کرد "رێكارەكانی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەكە لە تەواوبوندایە و بڕیارە ئەم هەفتەیە بگاتە هەرێمی كوردستان".

وەزارەتى دارایى هەرێم بەبیانووى پشووەکانى سەرى ساڵەوە دابەشکردنى مووچەى مانگى ١٢ى ساڵى رابردووى دواخست و لە ٢ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٢دا دەستى کرد بە دابەشکردنى مووچە و لەدواى تێپەڕبوونى زیاتر لە هەفتەیەک مووچەى زۆربەى زۆرى وەزارەت و دەستەکان هێشتا نەدراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، حکومەتى عێراق بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى ١٢ى ساڵى ٢٠٢١ پشووى بانکەکانى هەڵوەشاندەوە و بەر لەهاتنى سەرى ساڵ مووچەى مانگى ١٢ى دابەش کرد، سەربارى ناردنى ٢٠٠ ملیاردینارەکەش وەک پشکى هەرێم بۆ ئەو مانگە بەمەبەستى دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران.


AM:10:31:16/01/2022