کورد نیوز خشتەى دابەشکردنى موچەى هەفتەى داهاتوو ئاشکرا دەکات

کورد نیوز خشتەى دابەشکردنى موچەى هەفتەى داهاتوو ئاشکرا دەکات

کورد نیوز

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان خشتەى دابەشکردنى موچەى سەرەتاى هەفتەى داهاتووى بۆ کورد نیوز ئاشکرا کرد.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە " کورد نیوز" ى راگەیاند "رۆژى یەکشەممە (١٦ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٢) بەگوێرەى ئەو خشتەیەى کە ئاراستەى گەنجینەکان کراوە مووچەى مانگى ١٢ى ساڵى ٢٠٢١ى وەزارەتى داد و ئەنجومەنى دادوەرى دابەش دەکرێت".

سەرچاوەکە روونیکردەوە،  لە ئەگەرى گەیشتنى ٢٠٠ ملیارەکەى بەغدا بە هەرێمى کوردستان گۆڕانکاریى بەسەر خشتەکەدا دێت و دابەشکردنى مووچە خێراتر دەکرێت.

بەگوێرەى سەرچاوەکە لە ئەگەرى گەیشتنى ٢٠٠ ملیارەکەدا خشتەى دابەشکردنى مووچە بەم جۆرە دەبێت:

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/١/١٧ مووچەی (وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی مافی مرۆڤ، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دەستەی ژینگە، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی دەسپاکی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەزگای مین) دابەش دەکرێت.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/١/١٨ مووچەی (وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ، وەزارەتی پلان دانان ، وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ، وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن) دابەش دەکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/١/١٩ مووچەی (وەزارەتی کشتوکال و سەرچاوەکانی ئاو) دابەش دەکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/١/٢٠ مووچەی (وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان) دابەش دەکرێت.



وەزارەتى دارایى هەرێم بەبیانووى پشووەکانى سەرى ساڵەوە دابەشکردنى مووچەى مانگى ١٢ى ساڵى رابردووى دواخست و لە ٢ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٢دا دەستى کرد بە دابەشکردنى مووچە و لەدواى تێپەڕبوونى زیاتر لە هەفتەیەک مووچەى زۆربەى زۆرى وەزارەت و دەستەکان هێشتا نەدراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، حکومەتى عێراق بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى ١٢ى ساڵى ٢٠٢١ پشووى بانکەکانى هەڵوەشاندەوە و بەر لەهاتنى سەرى ساڵ مووچەى مانگى ١٢ى دابەش کرد، سەربارى ناردنى ٢٠٠ ملیاردینارەکەش وەک پشکى هەرێم بۆ ئەو مانگە بەمەبەستى دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران.




PM:06:48:13/01/2022