پارتى و هاوپەیمانە دیارو نادیارەكانی لەهەرێم بۆچى بەهەنگاوەکانى نەوەى نوێ تەنگەتاوبوون..؟

پارتى و هاوپەیمانە دیارو نادیارەكانی  لەهەرێم بۆچى بەهەنگاوەکانى نەوەى نوێ تەنگەتاوبوون..؟


كوردنیوز_راپۆرت

یەکەم هەنگاوى نەوەى نوێ لەچوارچێوەى هاوپەیمانێتى لەپێناوى خەڵکدا لەپەرلەمانى عێراق کە بەڵێنى دابوو ببێتە هێزێکى ئۆپۆزسیۆنى ڕاستەقینە، حزبەکانى دەسەڵاتى لەهەرێم توڕە کردووە بەتایبەت پارتى دیموکراتى کوردستان کە خولیاى حزبى قائید دووبارە دایگرتووە.

کاندیدێکى هاوپەیمانى لەپێناوى خەڵک بۆ جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق کە سروە عەبدولواحید بوو، تەواو ئەو هێزەى نیگەران کرد، چونکە حزبەکانى دەسەڵات لەهەرێم  لەساڵانى ڕابردوودا وا نمایشیى ئەوەیان کردووە تەنها خۆیان نمایندەى هەرێم دەکەن و خۆیان بە مەرجەعی سیاسی كورد دەزانن بەو هۆیەشەوە خەمى گەورەیان پچڕاندنى پۆست و ئیمتیازى حزبى بووە، بەو هەنگاوەى نەوەى نوێ کە کاندیدى بەرامبەر پارتى هەبوو تەواو سەغڵەت بوون بە بونی هێزیكی جیاواز کەبڕواى بەموزایەدە و بازرگانى بەقەومچێتى چەواشەکارانەوە نیە و تەنها هەڵگرى گوتارێکى عەقڵانى و نوێ ناڕەزایەتى شەقامە و لەهەناوى کۆمەڵگەى کوردییەوە سەریهەڵداوە.

دەرکەوتنى سەنگ و دەنگى ڕاستەقینەى ئۆپۆزسیۆن لەبەغدا کە نەوەى نوێ نوێنەرایەتى دەکات ترسى حزبەکانى دەسەڵاتى زیاتر کردووە، هەر بۆیە وەک باشترین ئامڕازیان کە لەسەرى ڕاهاتوون بەکارهێنانى هێز و دەسەڵا تیانە لەدژى هێزى ئۆپۆزسیۆن لەهەرێم ، ئەوەش بەڕێگرى کردن و ڕاسپاردنى ئەوانەى پارەیان پێدەدەن بۆ هێرش کردنە سەر نەوەى نوێ و دروستکردنى تۆمەتى بێ بنەما بۆیان.


ئەو هەنگاوەى نەوەى نوێ لەبەغدا کە درێژکراوەى بەڵێن و بەرنامەکانیەتى کە بەدەنگدەرانى داوە ئەویش نەچوونە هیچ هاوپەیمانێتیەکە لەگەڵ یەکێتى و پارتیدا، ترسێکى گەورەترى لەلاى پارتى دروستکردووە بەوەى ئەگەر نەوەى نوێ وەک هێزێکى ئۆپۆزسیۆنى هەرێم لەسەر بەڵێنەکانى بەردەوام بێت ئەوا کاریگەرتر دەبێت و دەبێتە هێزى یەکەم و جێى تەواوى متمانەى خەڵکى و ترسى تێپەڕاندنى هەیە لەلایەن نەوەى نوێوە بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ، بۆیە لەو پلانانە دەگەڕێت گەر بتوانێت بەتۆمەت هەوڵى ناشیرینکردنى بدات ئەوەش لەڕێگەى ئەو هێز و میدیا و کەسانەوە کەداهاتى گشتى بۆدەخاتە خزمەتیانەوە.

پارتى ئەوە باش دەزانێت، ڕوداوى سزادانى چالاکانى بادینان و شێوازى حکومڕانیەکەى کە تادێت بارگرانى بۆ سەر ژیانى خەڵکى دەهێنیت و بەدانپێدانانى خۆشیان گەندەڵى و قاچاخچێتى بەردەوامە و پرسەکانى کۆچڕەوى کورد و خۆپیشاندانەکانى ئەمدوایە و دەیان ڕوداوى تر کە وێنەى واقیعى حکومڕانى پشانى دەرەوەشدا،  هێندەى تر دەبێتە زەبرى کوشندەى سیاسى بۆ پارتى و هاوئاوازەکانى کە لەهەڵبژاردنى مانگى ئۆکتۆبەردا دووچارى بوون، ئەم ترسە خەریکە دەبێـتە فۆبیا و هەر لەئێستاوە حزبەکانى دەسەڵات لەهەوڵى ناشیرینکردنى نەوەى نوێ دەگەڕێین.

لەبەرامبەر پلانەکەى پارتیدا کە هەندێک حزب و کەسایەتى دژى نەوەى نوێ قسە بکەن و زانیارى نادروست بڵاو بکەنەوە بۆ گەیشتن بەو خەونەى بەرەى ئۆپۆزسیۆن لاواز دەبێت، نەوەى نوێ کار لەسەر دوو ستراتیژى گرنگى خۆى دەکات.


یەکەمیان بەردەوامە لەخزمەتکردى هاوڵاتیان و وەستانەوەیە لەدژى دەسەڵات وەڵامنەدانەوەى ئەوانەى دەسەڵات بۆ هێرشکردنە سەر نەوەى نوێ ڕایان دەسپێرێت جا بەئاشکرا دۆستى پارتى و یەکێتى بن یاخود لەبنەوە سەفەقاتیان لەگەڵیدا هەبێت و لەژێرناوى سەربەخۆ یاخود بەرەى ناڕازییدا خۆیان بناسێنن.

دووەمیشیان ئەوەیە هانى هاوڵاتیان دەدات بۆ بەشدارى پرۆسەى سیاسى بەتایبەت دەنگدانى داهاتوو بۆ کۆتایهێنان بەم حکومڕانیە و پێویستە وێنەکەیان بیر بێت گەربێتوو هێزى ئۆپۆزسیۆن ببێتە هێزى یەکەم چۆن دەتوانێت کۆتایى بەم شێوازە حوکمە بهێنیت کە هاوڵاتى و گیرفانى خەڵکیان کردۆتە سەرچاوەى سەرەکى داهاتیان و بەداهاتى ژێر زەمینى و سەرزەمییشیەوە نەوەستاون.





PM:01:51:13/01/2022