عێراق بەرەو نوێ نەکردنەوەى ویلایەتى دووەمى سەرۆکایەتیەکان

عێراق  بەرەو نوێ نەکردنەوەى ویلایەتى دووەمى سەرۆکایەتیەکان
پەرتبوونى شیعە و سوننەکان بەسەر دوو بەرەى بەهێزدا و دەرکەوتنى هاوپەیمانێتیەکى نوێ ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵى لەگۆڕینى بەشکردنى پۆستە سیادییەکانى عێراق لەسەر بنەماى تەوافوقى حزبى هەیە  کۆتایى بەنوێ نەکردنەوەى ویلایەتى دووەم بۆ سەرۆکایەتیەکان دەهێنێت.  

کوردنیوز- ڕاپۆرت

بەپێى ئەو زانیارییانەى کە (کورد نیوز) لەسەرچاوە ئاگادارەکانى بەغداوە وەریگرتووە، لایەنە سیاسیە شیعەکان جگە لەڕەوتى سەدرییەکان بەتایبەتى بەرەى چوارچێوەى هەماهەنگى لەگەڵ نوێ کردنەوەى ویلایەتى دووەم بۆ هەر سیێ سەرۆکایەتیەکەى عێراقدا نیەوهەوڵى کاندید کردنى کەسانى تر دەدەن ئەوەش بەپێى بەرکەوتەى پێکهاتە سەرەکییەکانى عێراق کە شیعە و سوننە و کوردن.


موختار موسەوى سەرکردە لەهاوپەیمانى فەتح و پەرلەمانتارى پێشووى ئەو حزبە بەمیدیاکانى وڵاتەکەى ڕاگەیاندوە:" چوارچێوەى هەماهەنگى چەند مەرجێکى بۆ ئەو هاوپەیمانێتیە داناوە،گرنگترینیان  نوێ نەکردنەوەى ویلایەتى دووەمە بۆ پۆستى هەر سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق".

هاوکات فازڵ جابر سەرکردە لەهاوپەیمانى سادیقون کە باڵى سیاسى عەسائیبى ئەهلى هەقە لەعێراق بەمیدیاکانى وتووە:"  ئەو هەڵانەی کە کابینەکانى پێشتر کردویانە هۆکارێکیان ئەوە بوو کەمتر ویستویانە گۆڕانکارى لەپۆستى سەرۆکایەتیەکاندا بکەن ،بۆیە بۆ ئەم خولە دەبێت ئەوە ڕووبدات".

کورد نیوز ئەوەشى زانیووە، لەئێستادا لایەنى سوننەکان کە پۆستى سەرۆکایەتى پەرلەمان بەپێى عورفى سیاسى بەرکەوتەى ئەوانە، دوو بەرەى سەرەکى کێبەرکێى وەرگرتنى پۆستەکە دەکەن لەوانە بەرەى خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پێشووى پەرلەمانە.

بەمدواییانەش خەمیس خەنجەر جموجۆڵەکانى بۆ وەرگرتنى پۆستەکە دەستپێکردوە و لەبەرامبەریشدا محەمەد حەلبوسى هەوڵى ویلایەتێکى تر دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولایان داواى پشتیوانى بارزانیان کردووە و زۆرترین ئەگەریش ئەوەیە بارزانى پشتیوانى بەرەکەى خەمیس خەنجەر بکات بۆ پۆستەکە.

هەر بەپێى زانیارییەکانى کوردنیوز، ئەگەرەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێ عێراق لەلایەن فراکسیۆنى زۆرینەوە مەحاڵەو هەنگاوەکان بەرەو پێکهێنانى کابینەى تەوافوقى سیاسى چڕبونەتەوە، ئەمەش واى کردووە چانسى مستەفا کازمى کە لەناو سێی سەرۆکایەتیەکەدا ئەگەر ویلایەتى دووەمى هەبوو و تەنها لەلایەن سەدرییەکانەوە پاڵپشتى دەکرێت کەم دەبێتەوە.

هەرچى پەیوەندى بە پۆستى سەرۆک کۆماریشەوە هەیە، جگە لەکێبەرکێکانى پارتى و یەکێتى، ئەگەر لەلایەن سەدرییەکانەوە کابینەى زۆرینە پێکنەهێنرێت ئەوا نوێ کردنەوەى ویلایەتێکى تر بۆ بەرهەم ساڵح ئاستەم دەبێت یان هێندەى خولى پێشوو ئاسان نابێت.

بەو پێیەى زۆربەى ئەو لایەنانەى کە پێشتر دەنگیان بۆ بەرهەم ساڵحدا لەبەرامبەر کەوتنى کاندیدەکەى بارزانى، لەم خولەدا پێچەوانەیە و ئەو لایەنانە سەرقاڵى گەڵاڵەکردنى ڕێکەوتنێکى نوێن لەگەڵ بارزانى بۆ قۆناغێکى تەواو جیاواز،

لەلایەکى تریشەوە، پێکێهنانى هاوپەیمانێتیەکى نوێ لەپەرلەمانى عێراق بەناوى (هاوپەیمانێتى لەپێناوى خەڵکدا) کە بۆ یەکەمجارە دواى پرۆسەى ئازادى عێراق لە سەر بنەماى تەوافوق و دەستکەوتى سیاسى دروست نەبوبێت، ڕۆڵى بەرچاوى هەیە لە یەکلایى کردنەوەى چەند هاوکێشەیەکى سیاسى ناو پەرلەماندا کە ئێستا ئەو هاوپەیمانێتیە کوردێک سەرۆکایەتى دەکات و بڕیارى ئۆپۆزسیۆنبوونیشى ڕاگەیاندووە.


ن.زەنگەنە

PM:01:07:25/12/2021