نوێترین زانیاری لەبارەی هێرشەکەی سەر قوتابخانەیەکی سلێمانی

نوێترین زانیاری لەبارەی هێرشەکەی سەر قوتابخانەیەکی سلێمانی
کوردنیوز:
پەروەردەی سلێمانی لەبارەی هێرشکردنە سەر قوتابییەک و باوکەکەی لە قوتابخانەیەکی ناحکومی سلێمانی دەڵێت، هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە و شەڕی نێوان کەسوکاری دوو خوێندکار بووە، هەروەها دەستەی مافی مرۆڤیش داوای سزایی یاساییان دەکات و کاندیدێکی دەرچووى جوڵانەوەى نەوەى نوێش راستییەکی دیکەی پشت رووداوەکە دەخاتەڕوو.

کەناڵی کورد نیوز لە تێلیگرام جۆین بکە

پاش ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، "سەرباری ئەوەی لەسەر فەرمانی دادوەر
بە بەبارمەتەی یاسایی ئازادکراون ، بەڵام بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین لەبەر ئەوەی تۆمەتباران سەربازن و بەجل و بەرگ و چەكی سەربازی یەوە هەستاون بە هەڵكوتانە سەر قوتابخانەیەک و لێدانی قوتابییەک و باوكی قوتابیەکە، لە ئێستادا ئەو تۆمەتبارانە  لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی  لێكۆلینەوەی وەزارەتی پێشمەرگە / فەرماندەیی هێزەكانی (70 ) لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بەڕاگیراوی ماونەتەوە بە مەبەستی ڕادەست كردنیان بە یەكەی سەربازی هێزەكانی (70)  و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و سزادانیان بە پێی یاسای سەربازی بۆ ئەوەی هیچ كەسێك ناوی پیرۆزی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنیەكان بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەكار نەهێنێت" .  


لەبەرامبەریدا رێبوار ئەوڕەحمان، کاندیدى دەرچووى جوڵانەوەى نەوەى نوێ بۆ پەرلەمانى عێراق بە ڤیدیۆیەک ئاشکرایکرد لەناو ژوورى بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ژنێک پارە دەداتە چەند کەسێک کە جلى سەربازییان لەبەرە بۆ لێدان لە باوکى قوتابییەک.


رێبوار ئەوڕەحمان وتیشی،
 "کێشەکە ئەوە نییە کە ئەو کەسانە بە جلی سەربازیەوە پەلاماری ئەو باوکە دەدەن لەناو قوتابخانەکەی شاری سلێمانیدا کێشەکە ئەوەیە پێدەچێت ئەو کارە بە پارە بکەن".


هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەوە حوکمڕانییەکەى پارتى و یەکێتییە و سیاسەتى "پارە بدە، هێزی سەربازی بێنە لەخەڵک بدات" پەیڕەو دەکەن.


لەلایەکی دیکەوە دەستەی مافی مرۆڤیش لەسەر رووداوەکە هاتۆتە دەنگ و روونیدەکاتەوە" شکاندنی حەرەمی قوتابخانە و بە کارهێنانی چەک دژی قوتابیان و هاوڵاتییانی سڤیل بەپێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە، بۆیە بە تووندی ئیدانەی ئەم کردەوانە دەکەین و داواکارین ئەنجامدەرانی بەسزای یاسای خۆیان بگەینن وە رێگا نەدرێت ئەم کردەوانە دووبارە ببێتە".


هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت، لە ڕووی دارایی و یاسایی و کارگێڕییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە و شەڕی نێوان کەسوکاری دوو خوێندکار بووە و قوتابخانەکەش سەر بە حکومەتی ناوەندە.


لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانیدا هاتووە " ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئیدانەی ئەم کارە دەکەین و ھەموو ھاوکاریەک دەکەین بۆ بە سزادانی ئەوانەی کە دەست درێژیان کردۆتە سەر ئەو ناوەندەی خوێندنەوە ھیوادارین ھەموو دامودەزگاکان بە تایبەت فەرماندە سەربازییەکان ڕێ لەم دیاردانە بگرن کە چەک بۆ بەرگریکردن لە خاک و ئەمن و ئاسایشە نەک بۆ تۆڵەکردنەوەی کەسی."

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، لە قوتابخانەیەکی ناحکومی شاری سلێمانی، بەهۆی ناکۆی نێوان دوو قوتابییەوە، چەند کەسێک بە جلی سەربازییەوە کە سەر بە یەکێک لە قوتابیەکانە، هێرش دەکەنەسەر قوتابیەکەی تر و باوکەکەی و بە توندی لێی دەدەن، ئەمەش ناڕەزایی لێکەوتۆتەوەو داوای سزادانی یاساییان دەکرێت.





AM:11:06:25/12/2021